قائیمقامی بەوەکالەتی قەزای ناوەندی سلێمانی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە پێدانی دەرمانێک دەکەن بە مریشک لە سنووری سلێمانی، روونکردنەوە دەدات.
فازڵ عومەر، قائیمقامی بەوەکالەتی قەزای ناوەندی سلێمانی رایگەیاند، نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر هەندێک کەناڵ و پەیج دەردەبڕین، کە راستییەکانیان وەک خۆی نەگەیاندووە.
وتیشی، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستی بەسەر جۆرێک دەرماندا گرت، کە خەریکبوو بڵاوببێتەوە لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، 700 کێڵگەی پەلەوەری لە سنووری سلێمانی هەیە، لەو ژمارەیە 18 کەسیان نیازی بەکارهێنانی ئەو دەرمانەیان هەبووە و بەشێکیان نەیانتوانیوە بەکاریبهێنن و دەستی بەسەرداگیراوە.
فازڵ عومەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، مەترسییەکە نەگەیشتە بازاڕ و سەر سفرە و خوانی خەڵک و کۆتایی پێهات.
ئەو دەرمانەی باس لە بەکارهێنانی دەکرا، “ئەنتیبایۆتیک”ـە، کە دژە بەکتریایەکە بۆ مریشک و هەندێک ئاژەڵ بەکاردەهێندرێت، بەپێی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان، ئەگەر مریشک ئەو دەرمانەی بۆ بەکاربهێندرێت و هاوڵاتییان بەردەوامبن لەسەر خواردنی، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی و هەندێکجار رەنگە سەربکێشێت بۆ شێرپەنجە.