کەی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە؟

کەشناسیی هەرێمی کوردستان کاتی دەستپێکردنەوەی بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان، ئاشکرادەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لە شەودا، نمەباران و بارانی مامناوەند دەسپێدەکات لە ناوچەکانی ئیدارەی زاخۆ، پاشان کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی، پاشان درێژدەبێتەوە بۆ سەر ئیدارەی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و سەنتەری شار و پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمەباران لە باشووری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی گەرمیان لە کاتەکانی بەیانی زووی رۆژی چوارشەممە.

ئاماژە بەوەشدەکات، بەرزترین پلەی گەرمی بەگشتی بەرزدەبێتەوە بە (2-3) پلە، بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

لەبارەی کەشی سبەی چوارشەممەوە، کەشناسی پێشبینیدەکات، ئاسمان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ نمەبارانی پچڕپچڕ لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنورییەکان و ئەگەری نمەبارانێکی کەم لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر لە کاتەکانی بەیانی زوودا، لە دوای نیوەڕۆ، ئاسمان بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور دەگۆڕێت.

دەشڵێت، بەرزترین پلەی گەرمی بەگشتی نزیکدەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 24 پلەی سیلیزی

پیرمام: 20 پلەی سیلیزی

سۆران: 19 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 16 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 22 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 24 پلەی سیلیزی

دهۆک: 20 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 22 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 28 پلەی سیلیزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share