بەرهەم ساڵح بۆ نادیە موراد: بە هەموو هێز و توانامەوە كاردەكەم بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەكان

لە دیدارێكیدا لەگەڵ نادیە موراد، سەرۆككۆماری عێراق جەختیكردەوە لەوەی، هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەنوسی كچان و ژنانی ئێزدی ڕفێندراو لەلایەن داعشەوە.

نوسینگەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئاشكرایكردووە، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شوبات لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە نادیە موراد، چالاكوانی ئێزدی و ڕزگاربووی دەستی داعش.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “لە دیدارەکەدا سەرۆككۆمار دووپاتیکردەوە كە بە هەموو هێز و توانایەوە كاردەكات بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەكان و هەموو ئاوارە و دەربەدەرەکان بۆ زێدی خۆیان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەران”.

ھەروەھا بەرهەم ساڵح جەختیكردووەتەوە، “پێویستە سەرجەم بەربەستە سیاسی و كارگێڕییەكانی بەردەم پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لاببرێن، بەتایبەتی دۆخی ئیدارەی شەنگال دووبارە ڕێكبخرێتەوە و ئاسایش و سەقامگیری تێدا پارێزراو بێت و خزمەتگوزارییە مادی و مەعنەوەییەكانیش بۆ دانیشتووانەكەی بەردەست بخرێت بەجۆرێک شایستەی قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت”.

هەروەها هیواشی خواستووە، “یاسای کچان و ژنانی ئێزدییە ڕزگاربووەكان بە زووترین كات پەسەند بكرێت، ھاوکات سەرجەم چین و توێژە زیان لێكەوتووەكانی دیكەش بگرێتەوە، ئاماژەشی بە گرنگی ئەو كارە دڵسۆز و ماندونەناسانە كرد كە لەلایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدراون بەمەبەستی چڕكردنەوەی هەوڵ و كۆششەكان بۆ سۆراغكردنی چارەنوسی ژن و كچە ڕفێندراو و شوێنبزركراوەكانی ئێزدی و ئازادكردنیان”.

“لای خۆشیەوە نادیە موراد دووپاتیکردەوە کە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئێزدییەكان و چین و توێژە زیان لێكەوتووەكانی دیكەی قوربانیانی دەستی تیرۆر و تیرۆرستان”، وەك لە ڕاگەیەندراوی دیدارەكەدا هاتبوو.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێكارەكانی كۆرۆناوە پۆلیسی كەركوك 40 كەسی لە سێ ڕۆژدا دەستگیركردووە

وتەبێژی پۆلیسی كەركوك ئاشكرایكرد، بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێكارەكانی كۆرۆناوە، پۆلیسی پارێزگاكە لەماوەی سێ ڕۆژدا 40 كەسی دەستگیركردووە.…
Total
0
Share