محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەتی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریاوە پێگەیشت.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەردوولا باسیان لە پێشهاتە بەردەوامەکانی سوریا و ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانە کرد، کە رووبەڕووی دەبێتەوە. سودانی پابەندبوونی عێراقی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سوریا دووپاتکردەوە و جەختی لەسەر گرنگیی گفتوگۆ لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و زامنکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا و پاراستنی یەکگرتوویی خاکی سوریا و سەروەریی دەوڵەتەکەی، کردەوە.
لای خۆیەوە، شەرع پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە و هەوڵ و رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراقی لەو بارەوە ستایشکرد. هەروەها ئاماژەی بە بەهێزکردنی هەماهەنگیی دووقۆڵیی نێوان عێراق و سوریا، بەتایبەت لە بواری ئەمنیدا کرد بۆ پاراستنی سنوورەکان و بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی داعش، جگە لە هەماهەنگیی و هەوڵەکان بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.