میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، خشتەی بودجەی گشتیی ساڵی 2025 تەواوبووە و پاش پشووی جەژن، رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
سەرچاوەیەکی حکومی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، خشتەی بودجەی گشتی بە فۆرمێکی پێشوەختە تەواوکراوە و رەنگە راستەوخۆ دوای پشووی جەژن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران رەوانەبکرێت، ئەگەر ئەوکاتەش نەتواندرا، پێش نیوەی یەکەمی مانگی چوار دەنێردرێت.
وتیشی، کۆی گشتیی بودجەکە 200 تریلیۆن دینار دەبێت، لەگەڵ کورتهێنانێکی زۆر، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی یەدەگی ستراتیژیی زێڕ و دراوی قورس.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەم کورتهێنانە، خێرایی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان کە لەلایەن حکومەتەوە دەستپێکراوە، کەمدەکرێتەوە، بەو پێیەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، داوای تەرخانکردنی پارە دەکات کە تا ناوەڕاستی مانگی چوار بەردەستبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجیی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی 10 دابینبکات.
بودجەی فیدراڵیی “سێ ساڵە”، لە ساڵی 2023 بۆ ساڵانی 2023، 2024، و 2025 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لای خۆیەوە خشتەی بودجە بۆ هەر ساڵێک پەسەندبکات، لەئێستاشدا، خشتەی بودجەی ساڵی 2025 هێشتا لای حکومەتە و لە هەموارکردنەوەدایە.
پێشبینیدەکرێت، کۆی بودجەی ساڵی 2025 بگاتە 200 تریلیۆن دینار، بە وتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، دوو لەسەر سێی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخاندەکرێت.