ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە حکومەتی عێراق مووچە نەدراوەکان خەرجبکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا و تێیدا بارودۆخی دارایی ساڵی 2025 و 2026، هەروەها کارکردن بۆ خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تاوتوێکرا.

لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی دارایی خستەڕوو سەبارەت بە داهات و خەرجییەکانی ساڵی دارایی 2025 و پێشبینی و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی دارایی 2026.

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە کە، “پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە مووچە مافی یاسایی وشایستەی مووچەخۆرانی هەرێمە و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، رێكکەوتنامەی سێ لایەنیی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و رۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە. ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و رەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.”

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بۆ ساڵی دارایيی داهاتوو، “دەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایيی فيدراڵ پابەند بکرێت کە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووری و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێريی عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، رێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14 ٪ـیە و دەبێت بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو رێژەیە دەستنیشان بکرێت.”

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سێ لایەنیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە و رێککەوتنەکەش بەردەوامە و نوێش کراوەتەوە. لەم رووەوە، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان ، داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی راسپارد، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ رێکخستنەوەی بابەتی بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف و دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانووستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاربکەن لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، “هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکار راسپێردران کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.”

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەستكاری دەنگەكانی كردووە.. فەتح داوای دادگاییکردنی ڕاوێژکارێکی کازمی دەکات

هاوپەیمانیی فەتح ڕایدەگەیەنێت، ڕاوێژكارێكی كازمی لە تۆمارێکی دەنگیدا دانیبەوەداناوە کە دەستکاری دەنگەکانی کردووە. لە ڕاگەیەندراوێكدا هاوپەیمانیی فەتح کە…
Total
0
Share