لێپرسراوی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاشکرایدەکات، هێڵێکی دیکەی ئاسمانی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
دانا محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە چوارچێوەی فراوانکردنی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، هێڵی پێگاسۆسی تورکی، گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵی پێگاسۆسی تورکی پاش تورکیش ئێرلاین و ئەیجێت، سێیەم کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تورکییە کە پاش هەڵگرتنی گەمارۆکان، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێبکاتەوە.
وتیشی، ستراتیجیەتی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەشێوەیەکە، کە بتوانێت هانی کۆمپانیا ئاسمانییەکان بدات و کارئاسانیان بۆ بکات تاوەکو گەشت بۆ سلێمانی بکەن، هەوڵیشدەدەین لە پاش ساڵی نوێوە گەشتەکان بۆ سلێمانی فراوانتر بکەین.