ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ و چڕوپڕ لە بەغداد دەستپێدەکات، پەیامی سەرەکیی سەردانەکەشی، پەلەکردنە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، دەست بە کۆبوونەوەکانی بکات و لەگەڵ هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆببێتەوە و تاوتوێی چەندین پرس و دۆسیەی گرنگ بکەن.
باس لەوەشکراوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک بنەمایەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە چوار خاڵ دەکاتەوە، کە بریتین لە:
– مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبن و لە کابینەی نوێدا کێشەکانی ساڵانی پێشوو دووبارەنەبنەوە.
– حکومەتێک بێت کە زاڵبێت بەسەر ململانێ سیاسییەکاندا.
– خزمەتگوزاری ئامانجی سەرەکیی حکومەتی نوێ بێت.
– مافی کۆی حزب و لایەنە سیاسییەکان وەک یەک پارێزراوبێت.