بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکاندا کۆبووەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بورهان سەعید سۆفی، لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان و عەبدوڵڵا کانی بەردی، لێپرسراوی بۆردی تێکۆشەران ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی کۆمەڵەکە بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان، ئەو بەربەستانەی بۆیان دروستدەکرێن و بەو هۆیەشەوە ناتوانن خزمەتەکانیان لە ئاست خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە دێرینەکان بێت. لەو رووەشەوە وەستا فاروق، سەرۆکی کۆمەڵەکە راپۆرتێکی پێشکەشکرد و داوای لە سەرۆکی یەکێتی کرد بەدواداچوونی جددی و کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بکرێت.

لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە دێرینەکانی کرد لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و رایگەیاند، ئێوە شانازیی ئێمە و کوردستانن، مێژووی خەباتی ئێوە بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین.

لە بەرامبەر داواکاری و پێداویستییەکانیانشیان سەرۆک بافڵ بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروستبکرێت و وتی، ئێوە پایە و پشتیوانی یەکێتی بوون، کوردستان قەرزاری جوامێری و ئازایەتیی ئێوەیە و بە خوێنی خۆتان شۆڕشی نوێتان هەڵگیرساند. بۆیە خزمەتکردنتان ئەرکە لەسەر شانمان و بە هەموو شێوەیەک لە خزمەتتاندا دەبین. وتیشی، ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان قەرزاری تێکۆشانی ئێوەیە، بەڵام بەداخەوە بێباکییەکە گەیشتووەتە ئەو رادەیەی شۆڕشگێڕەکانی رابردوو و بونیادنەرانی ئەزموونەکە فەرامۆشبکرێن و ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانتان نەدرێتەوە، بۆ ئەمەش یەکێتی بۆ ئەم جیاکاری و نادادییە داوای لێبوردنتان لێدەکات و بەڵێنتان پێدەدەین ئەم رێڕەوە چەوتەی حوکمڕانی راستدەکەینەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانی وڵات و خراپی دۆخی حوکمڕانی لە هەرێم بەرچاوروونیدایە ئامادەبووان و دڵنیایکردنەوە درێژە بە سیاسەتێک دەدەین کە خەڵک داوای دەکات و لە خزمەتی گشتی و قوربانییەکانی ئێوەی قارەماندا بێت. وتیشی، دڵنیابن چیتر ناهێڵین هیچ کەس و لایەنێک رەنج و خەباتی ئێوە بۆ خۆیان ببەن و لەسەر حسابی خەباتی ئێوە خۆیان پارەدار بکەن، شکۆ و شانازی ئەم میللەتە لای ئێمە پیرۆزە و ناهێڵین یاری بە چارەنووسییەوە بکرێت.

بابەتی پێشتر

وەهاب هەڵەبجەیی: هەر كەس و لایەنێك باسی هێز و نائارامی دەكات با بفەرمووێت خۆی تاقیبكاتەوە

بابەتی دواتر

بەهای 100 دۆلار لە 160 هەزار دیناردا جێگیردەكرێت؟.. زانیاریی نوێ ئاشكرادەكرێت 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share