هۆشداری لە دۆخی دوای لافاو دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، چەند رێنماییەکی لەبارەی مەترسییەکانی دۆخی دوای لافاو بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوێکدا، بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، مەترسییەکانی لافاو تەنیا لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاوەکەدا نین، بەڵکو دوای کشانەوەی ئاوەکە، قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار دەستپێدەکات؛ تکایە پێش ئەوەی دەست بە پاککردنەوە بکەن، یان بچنەوە ناو ماڵەکانتان، ئەم رێکارانە یەک بە یەک جێبەجێبکەن:

1- مەترسیی کارەبا (مەرگی شاراوە)

پێش چوونەژوورەوە، دڵنیابەرەوە کە کارەبای سەرەکی کوژاوەتەوە، تەنانەت ئەگەر کارەبا نەبێت، دەست لە هیچ سویچ و پلاکێک مەدەن کە تەڕ بێت. ئامێرە کارەباییەکان (سەلاجە، مجەمیدە و تەلەفزیۆن) کە ئاوی تێچووە، بەهیچ شێوەیەک هەڵمەکەنەوە، تاوەکو تەکنیککاری شارەزا وشکیان دەکاتەوە، چونکە مەترسیی شۆرتی کارەبا هەیە.

2- پشکنینی پێکهاتەی خانوو

سەیری بنمیچ (سەقف) و دیوارەکان بکەن؛ ئەگەر هەر درزێک، یان دابەزینێکتان بەدیکرد، بەهیچ شێوەیەک مەچنە ژوورەوە و دەستبەجێ پەیوەندی بە تیمەکانمانەوە بکەن. ئاوی لافاو بناغەی دیوارەکان لاوازدەکات.

3- ئاگاداری خشۆک و گیانلەبەرە زیانبەخشەکان بن

لافاو هەمیشە مار، دووپشک و مشک لەگەڵ خۆی دەهێنێت، یان ناچاریان دەکات بچنە شوێنە وشک و بەرزەکان (وەک ناو دۆڵاب، سەر رەفەکان و ناو جێگەوبان)، بەبێ رووناکی و بەبێ بەکارهێنانی دارێک بۆ پشکنینی ناو کەلوپەلەکان، دەست مەبەن بۆ هیچ شتێک.

4- مەترسیی غاز

ئەگەر بۆنی غازت کرد یان دەنگی دزەکردنی غاز هات، هیچ شتێک دامەگیرسێنە (تەنانەت لایت و مۆبایلیش) و بەپەلە دەرگا و پەنجەرەکان بکەرەوە و شوێنەکە بەجێبهێڵە.

5- تەندروستی و پاککردنەوە

ئاوی لافاو تێکەڵە بە ئاوی زێراب، پیسایی و ماددەی کیمیایی. بەبێ دەستکێش و جزمەی لاستیک، دەست بە پاککردنەوە مەکەن. هەر خۆراکێک یان دەبەی ئاو کە بەر ئاوی لافاوەکە کەوتبێت، دەبێت فڕێبدرێت، تەنانەت ئەگەر لەناو قوتووشدا بێت، چونکە هەڵگری بەکتریان. ئەو کەلوپەلانەی (فەرش و دۆشەک) کە تەڕ بوون، ئەگەر بە باشی وشک نەکرێنەوە و تەعقیم نەکرێن، دەبنە هۆی دروستبوونی کەڕوو، بۆ سییەکان مەترسیدارە.

6- شوشە و بزماری ژێر قوڕ

بەپێی پەتی مەڕۆن، زۆرجار ئاوی لافاو شوشەی شکاو، بزمار و ئاسنی تیژی هێناوە و لەژێر قوڕەکەدا شاردراونەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share