قوباد تاڵەبانی: بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دوو فەرمانی بەپەلەمان دەرکرد

قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە، دوو فەرمانی بەپەلەمان دەرکرد.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی چەمچەماڵم کرد بۆ ئەوەی لە ساتی قەیران و ناخۆشیدا، لەگەڵ گەلەکەماندا بوەستین. قەبارەی وێرانکاری و زیانەکانی لافاوەکەی رۆژی رابردوو دڵتەزێنە. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی لەو خێزانانە دەکەم کە ئازیزانیان لەدەستداوە. پشتیوانی تەواوی ئەو ئازیزانەش دەبم کە بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە، دوو فەرمانی بەپەلەمان دەرکردووە؛ یەکەیەکی فریاکەوتنی خێرای مرۆیی و چاکبوونەوەمان دامەزراندووە و ئەرکدارە بە:

– دابینکردنی خێرای پێداویستییەکان بۆ زیانلێکەوتووان، وەک شوێنی حەوانەوە، خۆراک، ئاوی پاک و پشتیوانیی پزیشکی.

– هەماهەنگکردنی چالاکییەکانی حکومەت، ئاسایش، کەرتی تایبەت و رێکخراوە ناحکومییەکان.

– ئاساییکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی پێویست.

– تۆمارکردنی خێزانە ئاوارەکان و گەیاندنی هاوکاری.

– دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەموو تیمەکانی فریاکەوتنی ناوخۆیی و ناوچەیی.

– ئامادەکردنی پلانێکی روون بۆ چاککردنەوە و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی هاوشێوە لە هەفتەکانی داهاتوودا.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە تا بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکان و چۆنیەتیی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لەم جۆرە رووداوانە لە داهاتوودا بکات.

باس لەوەشدەکات، “ئەمڕۆ سەرنجمان لەسەر یارمەتیدانی گەلەکەمانە. سبەینێ بەدوای راستییەکاندا دەگەڕێین و لێپرسینەوە لە هەر کەمتەرخەمییەک دەکەین. خەڵکی چەمچەماڵ، شۆڕش، پیریادیەکان و گەرمیان دڵنیادەکەینەوە کە بە تەنها جێیان ناهێڵین و لەگەڵیان دەبین تا ئەو کاتەی دڵنیادەبینەوە لە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە”.

لە کۆتاییدا، نووسیویەتی، “هێزی چەمچەماڵ، وزە و ئیرادەی خەڵکەکەی و ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییەی خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانە. هەموومان پێکەوە و دەست لەناو دەست ئاوەدانی دەکەینەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share