شارەوانیی سلێمانی، لەبارەی شەقامی 100 مەترییەوە، هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، رایگەیاند، پاش کردنەوەی 25 کیلۆمەتری سەرەتای شەقامی 100 مەتریی سلێمانی ناسراو بە شاڕێی بابان و دانانی هێمای هاتوچۆ و رێنیشاندەری سەلامەتی لەلایەن جێبەجێکاری پرۆژەکەوە، بەوپەڕی نیگەرانییەوە رایدەگەیەنین بەشێک لەو پێداویستی و رێنیشاندەر و هێما هاتوچۆیانەی بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی شۆفێران و سەرنشینان دانراون لەلایەن هەندێک هاوڵاتی و کەسانی نابەرپرسیارەوە رووبەڕووی لێکردنەوە و شکاندن و بردن بوونەتەوە.
دەشڵێت، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی پاڵپشت بە رێساو رێنماییە بەرکارەکان ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کاری هاوشێوە دووبارە نەکەنەوە و لە جێگای ئەوە ببنە پارێزەری سەلامەتیی ژیانی خۆیان و هاوڵاتییان و خوشک و براکانیان کە شەقامەکە بەکاردەهێنن، لە ئەگەری پابەندنەبوون و دووبارەکردنەوەی ئەو کارە ناشارستانییە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و بەرپرسیارێتیی ئەو رووداوە هاتوچۆیانەیان دەکەوێتە ئەستۆ.