37 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە تێدەپەڕێت کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.

رژێمی پێشووی بەعس بە ئامانجی پاکتاوکردن و لەناوبردنی هاوڵاتییانی کورد شەوی 15 لەسەر 16ی ئازاری 1988 بە بۆردمانی تۆپ و کاتیۆشای دوورهاوێژ بۆ ناو شار دەستیپێکرد، سەرلەبەیانی رۆژی دواتر زیاتر لە حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنەسەر شارەکە، بە موشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردومان کرد، کە ژمارەیەک خەڵک کوژران و خانووبەرەیەکی زۆریش وێرانکرا، دواتریش لە کاتەکانی نیوەڕۆوە هێرشکردن بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم بۆ سەر شارەکە تا کاتەکانی بەیانی رۆژی 17ی ئازار بەردەوام بوو.

کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە جگە لە شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس و برینداربوونی 10 هەزار کەس، ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی و بێماڵ و حاڵبوونیانی لێکەوتەوە، ئاو و هەوا و خاکی شارەکە ژەهراوی بوو، سامانی ئاژەڵی ناوچەکە بەرەو لەناوچوون چوو.

ئەمساڵ و لە ساڵڕۆژی ئەو کارەساتەدا پارێزگاری شارەکە لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، خواستی ئەوان ئاوەدانی، تەبایی و دادپەروەرییە.

ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژى کارەساتەکەدا بڕیارە چەند چالاکییەک لە هەڵەبجە و لەناو مۆنۆمێنتی شەهیدانی شارەکەدا بەڕێوەبچێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share