ناتان ئیسمۆنت، فەلەکناسی روسی رایگەیاند، کلکداری (هێڵ بۆپ) کە بە درەوشاوەترین کلکداری سەدەی 20 دادەنرێت، ناتوانێت لە کۆمەڵەی خۆر دەربچێت و لە ساڵی 4390ـدا، جارێکی دیکە لە نزیک زەوی دەردەکەوێتەوە.
ناتان ئیسمۆنت، توێژەر لە پەیمانگەی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی ئەکادیمیای زانستی روسیا روونیکردەوە، ئەم کلکدارە لەئێستادا دەکەوێتە ناوچەیەکی دوور لە نێوان خولگەی پلوتۆ و ئەستێرە هەسارۆکەی سێدنا، بەڵام بەهۆی هێزی کێشکردنی کۆمەڵەی خۆرەوە، کلکدارەکە لە خولگەی کۆمەڵەکەدا گیریخواردووە، بەم هۆیەشەوە پاش نزیکەی 2365 ساڵی دیکە، دەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵەی خۆر و نزیکی زەوییش دەبێتەوە.
ئەو زانا روسییە ئاماژەی بەوەدا کە چارەنووسی کلکدارەکە لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ناو کۆمەڵەی خۆر، پەیوەستە بە شێوازی کارلێککردنی لەگەڵ هەسارەی موشتەری [کە خاوەنی هێزێکی کێشکردنی بەهێزە]، لەوبارەیەوە دەڵێت، “هێزی کێشکردنی موشتەری یان بەتەواوی لە کۆمەڵەی خۆر کلکدارەکە دەردەکات، یانیش بەرەو خۆر ئاراستەی دکات، کە لە کۆتاییدا لەوێ دەسووتێت و بوونی نامێنێت”.
راشیگەیاند، موشتەری لە مێژوودا وەک “پارێزەری کۆمەڵەی خۆر” رۆڵی گێڕاوە، بەجۆرێک رێڕەوی ژمارەیەکی زۆر تەنی ئاسمانیی گۆڕیوە، بەو شێوەیەی لە سەرەوە باسکرا.
کلکداری (هێڵ بۆپ)، لە 23ـی تەمموزی 1995 دۆزرایەوە و بەخێرایی بوو بە رووداوێکی مێژوویی لە بواری گەردونناسیدا؛ لە 4ـی نیسانی 1997، کلکدارەکە گەیشتە لوتکەی نزیکبوونەوەی لە زەوی و بەسەر ئاسمانی زەویدا درێژبووەوە و بۆ ماوەی نزیکەی 18 مانگ، بە روونی دەبینرا.