وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی داهاتووەوە، مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دەبێت بەبانکی بکرێت و تەنیا بەو رێگەیە مووچە وەردەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، ماوەی دوو ساڵە پرۆسەی بەبانکیکردن دەستیپێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتمان لە هەفتەی رابردوو، لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە و بە پێویستمان زانی، ئەم راستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو.
1- لە ئەنجامی رێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان وەفدی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و ژمارەیەک بەرپرس و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی، لەگەڵ وەفدی حکومەتی فیدراڵ، بە سەرۆکایەتیی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوریی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی 2025ـی دیاریکرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرجناکرێت.
2- هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە 550ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە رۆژی 17ـی تەمموزی 2025 دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا، پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواوبکەن، بەپێی سەرجەم رێککەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بە کاش و لەلایەک بە سیستمی بانکی، لەئێستاشدا لە هەرێمی کوردستان، بە رێکكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، مووچە بە سیستمی دیجیتاڵی خەرجدەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بە کاش نامێنێت.
دووپاتیشی دەکاتەوە، لەدوای سەری ساڵ، مووچە تەنیا لە رێی بانکەکانەوە خەرجدەکرێت و هەر کەسێک بەشدارنەبێت لەو پرۆسەیە، مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.