ئاستی ئاو لە بەنداوەكان وەك پێویست نین، بەڵام لەبارەی وشكەساڵییەوە دڵنیایی دەدرێت

بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان كەمێك زیادیكردووە، لە ‏دوكانیش ئاستی ئاو نزیكەی چوار مەتر لە ساڵی ڕابردوو كەمترە، بەڵام بەو دۆخەشەوە ‏لەبارەی وشكەساڵییەوە دڵنیایی دەدرێت.‏

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهاردا، پرسی ئاو و ئەگەری وشكەساڵی لە هەرێمی ‏كوردستان دەبێتە جێی بایەخ، تۆڕی میدیایی ئێستا لەوبارەیەوە بەدواداچوونێكی كرد.‏

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی ‏میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەشێوەیەكی گشتی ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی دوكان و ‏دەربەندیخان بەراورد بەكۆتایی ساڵی ڕابردوو زیادیانكردووە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە لە ‏دەربەندیخان داهاتی ئاو كەمیكردووە و ئاستی ئاوی بەنداوەكە بە بەراورد بە ساڵی ‏ڕابردوو ئەم كاتە نیومەتر زیاترە”.‏

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم لەبارەی ئاستی ئاوی دوكانیشەوە وتی، بەراورد بە ساڵی ‏ڕابردوو ئەم كاتانە چوار مەتر كەمترە، بەڵام هێشتا وەرزی بارانبارین ماوە بۆ هەڵگرتنی ‏ئاو.‏

‏”سنووری ناوچەكانی سلێمانی و شارەزوور زۆرترین بارانی لێباریوە” ‏

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد، لە سنووری ‏ناوچەكانی سلێمانی و شارەزوور زۆرترین باران باریوە، “پێشبینیش دەكرێت ئەم ماوەیەی ‏وەرزی بارانبارینە، ڕێژەیەكی باش باران ببارێت و ئاستی ئاو بەرزببێتەوە”.‏

‏”ئێران سەرچاوە ئاوییەكانی بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا گرتووەتەوە” ‏

بەرپرسەكەی بەنداوەكانی هەرێم ئاشكراشیكرد، “كۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوە ‏ئاوییەكانی بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا گرتووەتەوە، بەڵام ئێمەش كەمتر ئاومان ‏بەرداوەتەوە و ئەوەش وایكردووە ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیادبكات”.‏

‏”ئاستی ئاوی دوكان چوار مەتر بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كەمترە” ‏

لای خۆیەوە كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ‏ئێستای ڕاگەیاند، ئاستی ئاوی دوكان بە بەراورد بە هەمان كاتی ساڵی ڕابردوو چوار ‏مەتر كەمیكردووە، “بەڵام ڕۆژانە ئاستی ئاوەكە زیاددەكات وەرزی بارانبارین ماوە”. ‏

‏”مەترسیی وشكەساڵی ڕەویوەتەوە”‏

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاشكرایكرد، ئەو مەترسیی وشكەساڵییەی لە مانگی 12ی ‏ساڵی ڕابردوو باسیلێوەدەكرا، “ڕەویوەتەوە”، ڕۆژانە ئاستی ئاوی بەنداوەكە زیاد دەكات.‏

بابەتی پێشتر

زیلینسكی بۆ كۆنگرێس: ئۆكرانیا بكرێت بە ناوچەی دژەفڕین و فڕۆكەی شەڕكەرمان پێبدەن

بابەتی دواتر

بۆ یەکەمجار توێژینەوەیەکی ئەوروپی هۆکاری کەمبوونەوەی باڵندە لەجیهاندا دەردەخات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا بۆ وەزیری پێشمەرگە: لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی هاوکارتان دەبین

بەریتانیا لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 12ی کانونی یەکەمی…
Total
0
Share