سەرۆکی عەشیرەتی سورچی رایگەیاند، لە پاش راپەڕینەوە، بنەماڵەی بارزانی خراپتربوون و زۆربەی سەرۆک عەشیرەتەکان بەدەستی ئەوان کوژراون.
زەید عومەر ئاغای سورچی، سەرۆکی عەشیرەتی سورچی رایگەیاند، پێش راپەڕین، بنەماڵەی بارزانی دژایەتیی سەرجەم عەشیرەتەکانی دیکەی کردووە، بەڵام لە پاش راپەڕینەوە بنەماڵەی بارزانی خراپتربوون و زۆربەی سەرۆک عەشیرەتەکان بەدەستی ئەوان کوژراون، هیچ عەشیرەت و لایەنێک نەماوە کە بنەماڵەی بارزانی خەڵکی لێنەکوشتبن.
وتیشی، بنەماڵەی بارزانی، شەوێک هێرشیانکردە سەر گوندەکەمان و حسێن ئاغا و چەندین کەسی دیکەیان “شەهیدکرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو عەشیرەتانەی پەیوەندییان بە بەعسەوە کرد، هۆکارەکەی بنەماڵەی بارزانی بوو.
زەید عومەر ئاغای سورچی دەشڵێت، “پێش راپەڕین لە مام جەلال و بەشێک لە سەرکردەکانی دیکەوە، نامەمان بۆ هات کە هاوکاریی راپەڕین بکەین و سورچییەکان رۆڵی کاریگەریان هەبوو لە راپەڕیندا، دواتر عەشیرەتەکانی دیکەش پشتیوانییان کرد”.