لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، ڕێکاری توندی ئەمنی بەرامبەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەگرینەبەر، تەنانەت ئەگەر کۆدیشیان هەبێت، ڕێگە نادرێت بێنە ناو بازاڕەوە.
لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی سمکۆ سالار، قائیمقامی هەڵەبجە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی شارەکە، تاوتوێی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شارەکە کرا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە تەوەرێکی سەرەکیدا، جەخت لەسەر توندکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان و زیادکردنی هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان کرا، لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا کە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نەدرێت بێتە ناو بازاڕەوە، تەنانەت ئەگەر کۆدیشی هەبێت، هەروەها ڕێگریی تەواو بکرێت لە ڕاگرتنی ماتۆڕسکیل لەناو بازاڕ و ئەو شوێنانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و گرفت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان.