چیرۆکی کورتی دیموکراسی لە مەچکۆ

ستران عەبدوڵا لە وتارێکدا بە ناونیشانی چیرۆکی کورتی دیموکراسی لە مەچکۆ ، دەڵێت، “کەیفیان لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن ناسازێت، بە ئاماژەی دەستیشبێت هەر نیشانیدەدەن کە زۆریان پێخۆش نییە، دیاردەکانی کەمپین و ناساندن و بڵاوکردنەوەی بەرنامە و دروشمی هەڵبژاردن ببینن. حەز دەکەن کوێربن و کەڕبن بەس دروشمێکی جیاواز نەبینن و بانگەوازێکی تازە نەبیستن. رۆژەکانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و جموجوڵی لایەنەکان بۆ خۆنواندن و باسکردنی روانگە و سیاسەت و بەرنامەکانیان، وەک رۆژی تاڵ و تار و تەقویمی درێژی بێ تەحەمول دەبینن، خواخوایانە زوو بڕوات و هەرگیز نەیەتەوە، دوژمنی سەرسەختیان ئەم یاسا و رێسایانەن کە کۆمسیۆن و مۆمسیۆن، دادگا و دەستور بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دایانناوە، چیبکەن؟ ناچارن وەک دەرد و بەڵای ناگەهان مامەڵەی لەگەڵ بکەن. سات و سەعات و رۆژگاری کورتی دیموکراسی لای ئەوان ساڵ، سەدە و هەزارەیە و گەرەکیانە زوو تێپەڕێت و زوو بچنەوە سەر رێگە قەدیم و خۆشەویستەکەی خۆیان کە هەر خۆیان بڕیاربدەن و هەر رەنگی خۆیان و هەر دەنگی خۆیان زاڵبکەنەوە”.

دەشڵێت، “زۆر مەبەستیانە بەپەلە و بەبێ دواکەوتن دەزگا و دوکانی دیموکراسی بپێچنەوە و هیچ سیما و سیفەتێکی نەبیننەوە. مەشقدەکەن لەگەڵ ئەم شتە عەنتیکانەی لیست، رەنگ، کاندید و بانگەشە و هەوڵدەدەن زوو تەواوبێت، بەڵام هەر زوو هەڵدەچن و هەر زوو تەنگەتاودەبن و لە نیوەی رێگە پەتی تەحەمولیان دەپسێت و خۆیان ئاشکرادەکەن کە چ ماڵێکن”.

ستران عەبدوڵا لە وتارەکەیدا دەڵێت، “دواتر دەستدەکەنەوە بە ئۆپەراسیۆنی شەق و زلە و پەلاماردان، دەستدەکەنەوە بە دیموکراسی جمێن و زمانی زبر و قابیلی قبوڵ نییە، دەستدەکەنەوە بە بەکارهێنانی لایەنگرە سەرسەختەکانی خۆیان کە گوایە بە رێکەوت لەوێ بوون و نەیانزانیووە، گوایە ئەم دەروێشانە زۆر پەرۆشی رەنگی زەردن و حەساسیەتیان هەیە بە رەنگی سەوز و سوور و رەنگی ئاڵواڵای دیموکراسی”.

ئاماژە بەوەشدەکات، “لای ئەوان رۆژەکانی کەمپین وەک تەقویم و رۆژنامەی دۆزەخ وایە و زۆر بە خاوی و درەنگ پەڕەکانی هەڵدەداتەوە، ئەمە چیرۆکی کورتی پارتییە لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی، دەتوانیت رۆمانی چەند جڵدیشی لەسەر بنووسیت، دیموکراسییەکەی جیکڵدانی تەنگە و کەم تەحەمول و نەفەس کورت. دیمەنی وایە کە دوێنێ لەگەڵ گەنجانی سەوز لە هەولێر بە بەرچاوی مەچکۆوە کردیان، پایتەختیان وا شێواندووە قەڵای سەربەرز و دێرین خۆی شایەتی سەدان پێشێلکاری وایە و بۆ رۆژی خۆی هەڵیگرتووە تا هەڵیرێژێت. ئەمە چیرۆکی دیموکراسییە لای زەرد کە دەشڵێن لەوەتەی هەین هەموو هەڵبژاردنێکمان بردۆتەوە.  ئاخر ئاوا بردوتانەتەوە کە هەموو شتێک دەلەوتێنن و دۆ و دۆشاو تێکەڵدەکەن، لە یەکەم تەجرەبەی هەڵبژاردنیش، لەساڵی 1992، هەر واتان وت: سێ بەشی کورد پارتییە، پەرلەمانمان بۆ چییە؟”.

لە کۆتایی واتارەکەیدا دەڵێت، “هەر واتان هێناوە کە سوعبەتی هەڵبژاردنتان بۆ قووتنادرێت و کەیفتان بە دیموکراسی نایەت، هەر واتانکردووە دامەی دەکەن تا براوەن، کە گەمەکە هاوسەنگ دەبێت، توڕە دەبن و چای و قاوەی میوانداریش بەسەر یەکدا دەترچێنن: قابیلی قبوڵ نییە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڤیدیۆ.. ئازەربایجان ڤیدیۆیەکی پەکەکە بۆ ڕیکلامی سەربازەکانی بەکاردەهێنێت

بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئازەربایجان، ڤیدیۆیەکی ڕیکلامی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکردووەتەوە،…
Total
0
Share