بەرپرسی لقی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی لەدایکبووی ساڵی 2008ن دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن و خۆیان تۆماربکەن.
ئامانج عەزیز، بەرپرسی لقی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، بە بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەستیپێکردەوە، ئەم پڕۆسەیە ئەو هاوڵاتییانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان 18 ساڵی تێپەڕاندووە و تا ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، کە بەتایبەت لەدایکبووانی ساڵی 2008 دەگرێتەوە، دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆن بکەن تاوەکو تۆماربکرێن.
وتیشی، لە هەمان کاتدا پڕۆسەی ڕاستکردنەوەش دەستیپێکردووە، ئەگەر دەنگدەرێک لە ماوەی ڕابردوودا کارتی دەنگدانەکەی هەڵەی تێدابووبێت، ناوی گۆڕیبێت یان تەمەنەکەی تەواو نەبێت، دەتوانێت سەردان بکات تاوەکو ڕاستکردنەوەکەی بۆ ئەنجامبدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر دەنگدەرێکی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکان کە خانەنشین بووبێت یان وازیهێنابێت، دەتوانێت پڕۆسەی دەنگدانەکەی بگوازێتەوە بۆ گشتی، هەروەها بە پێچەوانەوە، ئەگەر لە دەزگایەکی ئەمنی یان سەربازی دامەزرابێت دەتوانێت پڕۆسەی دەنگدانەکەی بیگوازێتەوە بۆ تایبەت.