قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتییەکی بەهێز واتە کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر.
قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە سیدەکان لەگەڵ ئەندامانی هۆزی برادۆست کۆبووەوە و رایگەیاند، “هۆزی برادۆست وەک زۆرێک لە هۆزەکانی دیکە رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی خاکی کوردستان و شوناسی کوردبوونمان، نەوەکانی خانی لەپ زێڕین و پاڵەوانانی قەڵای دمدم سیمبولێکی گەورەی ئازایەتیی کوردن و هەردەم سەلماندوویانە کە دەمرن، بەڵام سەردانانەوێنن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکێتی ساڵی 2025 زۆر جیاوازە لە یەکێتییەکەی پێش 10 ساڵ، ئەم یەکێتییە ئەوەندە بەهێزە کە رێگە نادات غەدر لە هەڤاڵان و جەماوەرەکەی بکرێت و تا بە دەنگی خەڵک بەهێزتریش بێت، باشتر و کاریگەرتر رووبەڕووی غەدر و ناحەقی دەبێتەوە”.
داواشیکرد، “تا دەتوانن خەڵکە زویربووەکەی یەکێتی ئاشتبکەنەوە و دەنگی زیاتر بۆ یەکێتی کۆبکەنەوە، چونکە یەکێتییەکی بەهێز واتە کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر”.