وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، دەستدەکەن بە چاکسازیکردن لە تۆڕەکانی کارەبا و بۆ ئەو مەبەستەش، داوایەک لە هاوڵاتییان دەکات.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستدەکرێت بە چاکسازی لە تۆڕی کارەبا لە رێگەی جیاکردنەوەی لق و پۆپی ئەو دارانەی لەگەڵ تۆڕی کارەبادا تێکەڵبوون و دەبنە هۆی پچڕانی کارەبای هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم چالاکییەی وەزارەتی کارەبا و تیمەکانی پرۆژەی رووناکی، ماوەی مانگێک لە شاری هەولێر بەردەوامدەبێت و سوودی بۆ کەمکردنی پچڕانی کارەبا دەبێت کە بەهۆی تێکهەڵکێشانی لقی دارەکان و کێبڵەکانی کارەبا روودەدات.
دەشڵێت، هاوڵاتییانی هەر ناوچەیەک لە رێگەی کورتەنامەوە پێشوەختە ئاگاداردەکرێنەوە دەربارەی کاتی بەڕێوەچوونی ئەم چالاکییە.
داواش لە هاوڵاتییان دەکات، هاوکاریان بن لە رێگەی ئەم دوو هەنگاوە:
1- بۆ ئەوەی هاوڵاتییان ئاگاداری چالاکییەکانی چاکسازیی وەزارەتی کارەبا و تیمی پرۆژەی رووناکی بن، ئەوا دەتوانن خۆیان لە ماڵپەڕی پرۆژەکە تۆماربکەن یان کیو ئاڕی کۆد سکان بکەن بۆ ئەوەی کورتەنامەیان پێبگات و پێشوەختە ئاگاداربکرێنەوە.
هاوڵاتییان دەتوانن بۆ هەر موڵکێک خۆیان تۆماربکەن. واتا ئەگەر کەسێک خانوو و دوکانێکی هەبێت، پێویستدەکات هەردووکیان تۆماربکات.
2- وەزارەتی کارەبا داوای هاوکاری لە هاوڵاتییان دەکات لەوەی کە لە کاتی بەڕێوەچوونی چاکسازی لە تۆڕی کارەبا، هاوڵاتییان ئۆتۆمبێلەکانیان لەژێر دارەکان رانەگرن بۆ ئەوەی هیچ زیانێکی ماددی بە ئۆتۆمبێلەکانیان نەگات.