بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر داوا لە سەرجەم لیست، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەکات، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، وێنەکانیان بە ستوونەکانی ترافیک لایت هەڵنەواسن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دەستپێکردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە سەرجەم لیست، رەوت، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەکەین، کە لەو ماوەیەی رێگەپێدراوە بۆ بانگەشەکردن، وێنە و پۆستەری کاندیدەکان و بڵاوکراوەکانیان بە ستوونەکانی ترافیک لایت و هێماکانی هاتوچۆ هەڵنەواسن و وێنەی گەورە لە نزیک سووڕانەوەکان و سەر شۆستەی چوارڕیانەکان دانەنێن کە ببێتە هۆکاری بەربەستی بینین لەبەردەم شوفێران.
دەشڵێت، پۆستەرە گەورەکان بە باشی بچەسپێنن، بۆ ئەوەی بەهۆی رەشەباوە بەرنەبنەوە سەر شەقامەکان و زیان بە ئۆتۆمبێل و بەکارهێنەرانی شەقام نەگەیەنن؛ هەروەها جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆ دانەپۆشن بە ئاڵا، لۆگۆ و وێنەی کاندیدەکان.
داواش لە بانگەشەکاران دەکات، “لە دواوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر سەرنەکەون و جەستەیان لە جام و سڵایدی ئۆتۆمبێلەکان نەهێننەدەرەوە، رێگە و شەقامە گشتییەکان نەگرن لەپێناو و دروست نەبوونی جەنجاڵیی هاتوچۆ و پاراستن و سەلامەتیی گیانیان و روونەدانی رووداوی هاتووچۆی نەخوازراو”.