لیمۆ یەکێکە لەو بەرهەمانەی لە سیستمی خۆراکیی بەشێکماندا هەیە، بەڵام زۆرینەمان گرنگی بە توێکڵەکەی نادەین و فڕێیدەدەین، توێژینەوە نوێیەکانیش جەخت لە سوودە زۆرەکانیی دەکەنەوە.
پێگەی ڤێری وێڵ هێڵس لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردووەتەوە، توێکڵی لیمۆ بەهایەکی خۆراکیی گرنگی هەیە و چەندین سوودی تەندروستی بە جەستە دەگەیەنێت.
توێکڵی لیمۆ دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسانەکان و ڤیتامین سی کە دەبنە هۆی زیادکردنی بەرگریی جەستە و پاراستنی لە نەخۆشییەکان.
بە وتەی شارەزایانی بواری خۆراک، توێکڵی لیمۆ بەراورد بە شەربەتی لیمۆ زیاتر دژە ئۆکسانەکانی تێدایە، جگە لەوەی دەوڵەمەندە بە ریشاڵەکان و کالسیۆم و پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم.
بەهۆی ئەو پێکهاتە خۆراکییانەی لە توێکڵی لیمۆدا هەیە، دەبێتە هۆی پاراستنی دەم لە هەوکردن و ددانەکان لە کلۆربوون.
توێکڵی لیمۆ جەستە لە قەڵەوی دەپارێزێت و ئەگەری نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.
زیادکردنی توێکڵی لیمۆ بۆ سیستمی خۆراکی، جەستە لە کەڕوو و بەکتریاکان دەپارێزێت، بە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە هەژماردەکرێت.