لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان خواست لەسەر نەوت لە زیادبووندایە و تا ئێستاش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وادەیەکی بۆ دابەشکردنی نەوت بە نرخی داشكێندراو دیارینەکردووە.
تەها جەمال لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و دەوروبەری بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “هەموو ئامادەکارییەکانی خۆمان تەواوکردووە، چاوەڕێین وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەوتمان بۆ بنێرێت نرخەکەی دیاریبکات و دەست بە دابەشکردنی بکرێت”.
ئاشکراشیکرد، “بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشکردنی نەوت لە هەولێر دەستپێبکات بە دڵنیاییەوە لە دوای ئەویش لە سلێمانیش دابەشدەکرێت”.
سەبارەت بە ناردنی نەوت لە بەغدادەوە لەدوای رێککەوتنی نەوت تەها جەمال وتی، “هەتا ئێستا هیچ دەنگێکی نییە و هیچ شتێکمان بۆ نەهاتووە”.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان دەنگۆی گرانبوونی نرخی نەوت لەناو بەشێک لە هاوڵاتییاندا بڵاوبووەتەوە، بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا جەختیکردەوە، “نرخی نەوت جێگیرە لە هاوینیشدا هەمان ئەو نرخەی ئێستا بوو کە بۆ هەر بەرمیلێک لە دەوروبەری 150 هەزار دیناردا بوو”.