ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد

ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە حەوت هەزار خوێندنگەی هەرێمی کوردستان لێدرا و دەرگای خوێندنگەکان بەڕووی زیاتر لە ملیۆنێک خوێندکاردا کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئەیلولی 2025، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و زەنگی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لێدرا، 146 هەزار مامۆستا سەرپەرشتی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بۆ ئەمساڵی خوێندن، گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندندا کراوە و زیاتر لە 22 ملیۆن کتێبی نوێ چاپکراون، هەروەها نزیکەی 30 قوتابخانە و سەدان پۆلی نوێ بۆ دابینکردنی شوێنی خوێندن دروستکراون.

باسی لەوەشکرد، بۆ ساڵی نوێی خوێندن 139 هەزار خوێندکاری نوێی پۆلی یەکەم وەرگیراون و روو لە خوێندنگەکان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ گەرمکردنەوەی قوتابخانەکان، بڕی زیاتر لە 8.5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەردراوە و دابیندەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share