ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم-ی عێراقی ئاشکرایکرد، مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ خەرجکردن و تەنیا رەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراقی ماوە.
ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەستە و ئامادەیە بۆ خەرجکردن و گواستنەوە، بەڵام چاوەڕێی رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراق دەکەن تا بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجی وەزیری دارایی بۆ خەرجکردنی مووچەکە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا، ئەمە جگە لە چارەسەرکردنی پرسی داهاتی نانەوتی و قبوڵکردنی لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە.