سوپای تورکیا قەدەغەی هاتوچۆ لە گوندێکی هەرێم ڕادەگەیەنێت

هاوڵاتیانی گوندی هروری بە تۆڕی میدیایی ئێستا ڕادەگەیەنن، سوپای تورکیا ئەوانی ئاگادار کردووەتەوە، ئەمشەو قەدەغەی هاتوچۆیە و لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

هاوڵاتییەکی گوندەکە بەناوی “سەلمان هروری” بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سوپای تورکیا هاتونەتە ناو گوندەکەمانەوە و بە موختاری گوندەکەیان وتووە، ئەمشەو هاتوچۆ مەکەن، دواتر موختارەکەش بە تەلەفۆن دانیشتوانی گوندەکەی ئاگادارکردووەتەوە، کە سوپای تورکیا ئەوەیان پێوتووە”.

ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، “بێ ئەوەی هۆکاری ئەو قەدەغەیە بە ئێمە بوترێت، بە دانیشتوانی گوندەکەیان وتووە ئەمشەو بۆیان نییە هاتوچۆ بکەن”.

بە وتەی دانیشتوانی گوندی هروری، شەوی ڕابردوو بەردەوام فڕۆکە و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا تا بەرەبەیان بۆردومانی چڕی بۆردومانی نزیک گوندەکەیان کردووە، بە جۆرێک لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تا ئێستا بەو ئاستە بۆردومانیان نەبینووە.

گوندی هروری یەکێکە لە گوندەکانی سەر بە ناحییەی کانی ماسێ و لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەی سوپای تورکیادا زۆرترین مەترسی لەسەر دانیشتوانەکەی هەبووە.

ڕۆژی 3ی ئەم مانگە، تیمی کوردستانی ڕێکخراوی (CPT) لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاشکرایانکرد، “تا ئێستا دانیشتوانی نزیکەی 100 گوند لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و دەوروبەری ئاوارەبوون و ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان دانیشتوانی دەیان گوندی دیکە بڵاوبۆتەوە، چونکە ئەوەی سوپای تورکیا دەیکات داگیرکردنی ناوچەکە و دروستکردنی شوێنێکە وەک ناوچەی ئارام لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراقدا”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سروە محەمەد: داوایەکمان سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی یاساکان بە زمانی کوردی پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کرد

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، داوامانکردووە لەپاڵ زمانی عەرەبیدا، لە دەرکردنی یاسا و بڕیارەکان زمانی کوردی بەکاربهێندرێت. سروە…
Total
0
Share