محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆی دۆخ و گەشەسەندنەکانی ناوچەکەیان کردووە، تاوتوێی ئەو رێگایانەیان کردووە کە ئاسایش و جێگیریی ناوچەکە بەهێزتر دەکەن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و، هەماهەنگیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات لە سێکتەرە گرنگەکاندا بەشێکی دیکەی باسەکانی کۆبوونەوەکە بووە.
هەر لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ئەردۆغان رۆڵی حکومەتی عێراقی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و، بەتایبەت پاڵپشتییەکانی عێراق لە رێککەوتنی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، بەرزنرخاندووە.