سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە نامیق تان، جێگری سەرۆکی جەهەپە کرد.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، باس لە پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوان هەردوولا و پەرەپێدانی کرایەوە.
سەرۆک بافڵ پەرۆشیی یەکێتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپاتکردەوە و وتی، بەهەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال لە هەوڵداین تاوەکو ئەم هەوڵە نیشتمانییە بە هەموولایەکمانەوە سەربخەین و رۆحیەتی پێکەوەیی و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە ببوژێنینەوە.
لای خۆیەوە، جێگری سەرۆکی جەهەپە بە گرنگییەوە ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال کرد لە ناوچەکەدا و، هیوای خواست ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی ببێتە هۆکاری کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.