چاودێرێك بۆ شاخەوان عەبدوڵا: هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی رێككەوتنی 50 ساڵە و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بدە

چاودێرێكی سیاسی لە وەڵامی شاخەوان عەبدوڵادا رایدەگەیەنێت، پێویستە بەر لە باسكردنی باشماخ، هەوڵبدات زانیاری لەبارەی رێككەوتنی 50 ساڵەی نەوت و داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەدەستبهێنێت.

چاودێرێكی سیاسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێویستە شاخەوان عەبدوڵا بەر لەوەی باسی باشماخ بکات، هەوڵبدات زانیاریی لەبارەی رێکەوتنی پەنجا ساڵەی نەوتی کوردستان لەگەڵ تورکیا دەستبكەوێت و بڵاویبكاتەوە، یان لەبارەی ئەو داھاتانەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە زیاتر لە 30 ساڵە حیزبەكەی دەیبات.

ئەو چاودێرە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتیشی، “كەسێك كە پۆستێكی گشتی لەسەر ناو و پێگەی هەرێم لە ناوەنددا وەردەگرێت، دەبێت بیركردنەوە و كاركردنی نیشتمانی و كوردستانی بێت، ناكرێت لە نێو ناوەندێكی گرنگی وەك ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا بە بیركردنەوەی حزبی و تەسكی ناوچەییانە لە بارودۆخەكان بڕوانیت و بیشێوێنیت”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونكردنەوەیەكی لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بڵاوكردەوە و لە بەشێكیدا ئاماژە بۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دەكات.

چاودێرەكە ئەوەشی روونكردەوە، “ئەوەی نادیارە داهاتە كەمەكەی مەرزی باشماخ نییە، كە بەرامبەر بە داهاتەكانی دیكەی بەردەستی كەسانی دەستڕۆیشتووی حزبەكەی بەهیچ جۆرێك بەراورد ناكرێت، بەڵكو نادیاری لە ئێستا و ئایندەی كوردستان، لە ئاراستەكردنی هەرێم لە دیموكراسیەت و ئازادییەوە بۆ تاكڕەوی و سەركوت، پێشكەشكردنی داهاتە بەنرخەكەی سامانە بەنرخەكەی هەرێمە بە بێگانە، ئەوانە جێی ترس و قسە و هەڵوەستە لەسەركردنن بۆ كەسێك گەر بیەوێت خەمی نیشتمان و كوردستانی هەبێت”.

بابەتی پێشتر

مباپێ: وزەی خۆم لە ئاهەنگگێڕانی ئیمیلیانۆ و شتی بێبایەخدا بەکارناخەم و چاوەڕێی مێسی-م

بابەتی دواتر

چیرۆکی هاوسەرگیریکردنی کچێکی شەش ساڵان لە دوای 17 ساڵ ئاشکرادەبێت و کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share