یولیان ناگیڵسمان.. ڕاهێنەرێکی گەنج، پیاوی تەکنەلۆجیا و خەونی مەدرید

جولیان ناگیڵسمان، ئەو ڕاهێنەرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید چاوی تێبڕیوە

سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید، فلۆرنتینۆ پێرێز سوورە لەسەر بەردەوامبوونی زینەدین زێدان و ڕەتیدەکاتەوە لە نیوەی وەرزدا دەستبەرداریبێت.

بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی بێلد سپۆرتی ئەڵمانی، لەدەستدانی دوو نازناوی سوپەر و جامی شای ئیسپانیا لە ماوەی شەش ڕۆژدا ئیدارەی شاهانەی ناچارکردووە بیر لە جێگرەوەیەکی تاکتیکی نمرە یەک بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ناوی یولیان ناگیڵسمانی ئەڵمانی ڕاهێنەری یانەی لایپزیچ-یان دیاریکردووە.

لە ئەگەری شکستهێنانی “زیزۆ” لە خولەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ، ئەگەرەکانی دوورخستنەوەی دووهێندە بەهێزتردەبێت، لەم حاڵەتەشدا نوێنەرانی ڕیاڵ ناچارن دووریبخەنەوە، یاخود بەلایەنی کەمەوە تاوەکو کۆتایی وەرز چاوەڕێی بکەن و پاشان ناگیڵسمان لەجێگەی دابین بکەن.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە مێژوو و خەسڵەتی ڕاهێنەرە ئەڵمانەکە و دەستکەوت و شارەزاییەکەی دەکەین، تاوەکو هاندەرانی شاهانە ئاشنابن بەو ڕاهێنەرەی ئەگەر هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات.

ڕیاڵی ڕەتکردەوە

دوای سەردەمی یەکەمی زێدان و ماڵئاواییکردنی، ئیدارەی یانەی شاهانە لە هاوینی 2018 هەوڵیاندا دابینی بکەن، بەڵام ڕاهێنەرە 33 ساڵەکە ئۆفەرەکەی ڕەتکردەوە.

ناگیڵسمان بە مارکای ڕاگەیاند، ” لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید دانوستاندن هەبوو، بڕیاری کۆتایی بە من بوو و تێگەیشتم هێشتا کاتی تاقیکردنەوەیەکی هێندە گەورە نەهاتووە و ئۆفەرەکانم ڕەتکردەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکێکبووم لە کاندیدەکان بۆ جێگرتنەوەی زێدان”.

پێکان کۆتایی پێهێنا

ناگیڵسمان لە لاندسبێرگ لە هەرێمی باڤاریا لەدایکبووە، لە ڕیزەکانی لاوانی میونشن 1860 یاریکردووە، بەڵام لە ئەژنۆیدا دووچاری پێکانێکی قورس دەبێت و لە تەمەنی 20 ساڵییەوە وازهێنان ڕادەگەیەنێت.

لەم بارەیەوە دەڵێت، ” کاتێک تووشی پێکانەکە بووم نەمدەویست لەبارەی تۆپی پێوە گوێبیستی هیچ شتێکبم، بەداخەوە وازهێنان لەو تەمەنە کەمەدا خەمباریکردم”.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان قەدەغەیە

بەپێچەوانەی ڕاهێنەرانی دیکەوە، ناگیڵسمان هیچ ئەکاونت و پەیجێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە و جیاوازە لە نەوەکانی سەردەمی خۆی.

لەم بارەیەوە دەڵێت، ” پێموایە ڕاهێنەر پێویستی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نییە بۆ ئەوەی لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بێت”.

پیاوی تەکنەلۆجیایە

ناگیڵسمان تاکە ڕاهێنەرە لە بوارە تەکنەلۆجیەکاندا قاڵبووەتەوە و بەرپرسانی یانەی هۆفنهایم ئاشکرایانکردووە، کاتێک لە یانەکەیان بووە ئەپلیکەیشنێکی دیزاینکردووە، بەهۆی ئەپەکەوە یاریزانانی ناچارکردووە بەیانیانی هەموو ڕۆژێک لە بارەی تەندروستی و پێکانەکانیان و دۆخی خێزانیانەوە وەڵامی پێنج پرسیار بدەنەوە، لە ڕۆشنایی وەڵامەکانیشەوە یاریزانە ئامادەکانی لە پێکهاتەکانی ناوزەند کردووە.

هەروەها تاکە ڕاهێنەرە لە یەکەی مەشقوڕاهێنانەکانی هۆفنهایم و لایپزیچ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان “درۆن”ی بەکارهێناوە بۆ لێکدانەوەی ئاستی یاریزانان و جێبەجێکردنی تاکتیکەکانی بەپێی پلانی داڕێژراو.

جگە لەوەش سکرینێکی گەورەی لە یاریگا جێگیرکردووە و چاودێری یەک بە یەکی یاریزانەکانی دەکات.

یولیان ناگیڵسمان لەگەڵ جوزێ مۆرینیۆ (خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا)

گەشتێکی سەرکەوتوو لە بواری ڕاهێنان

ناگیڵسمان ساڵی 2016 لە تەمەنی 28 ساڵیدا لە هۆفنهایم دەستی بە کاری ڕاهێنان کردووە، وەرزی 2015/2016 یانەکەی لە شکستی دابەزین ڕزگارکرد، دوای ئەوەی هوب ستیڤنزی ڕاهێنەر بەهۆکاری تەندروستی دەستی لەکارکێشایەوە.

یانەکەی بە یارییەکانی پاشکۆ گەیاندە قۆناغی پاڵاوتنی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەڵام لەو قۆناغەدا بەرانبەر لیڤەرپوڵ شکستیهێنا.

لە 21ی حوزەیرانی 2019 بۆ ماوەی چوار وەرز بۆندی لەگەڵ یانەی لایپزیچ واژووکرد، لە یەکەم یاری چوار گۆڵی لە یونایەن بەرلین کرد، بەرانبەر بایرن یەکسانبوو و لە هۆفنهایمیشی بردەوە.

لە 10ی ئازاری 2020 بە چوار گۆڵی بێوەڵام بەسەر تۆتنهامدا سەرکەوت و بووە کەمتەمەنترین ڕاهێنەر لە مێژووی ئەوروپا لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی خولی یانە پاڵەوانەکان بردنەوە تۆماردەکات.

لە 13ی ئابی 2020 ئەتلەتیکۆ مەدریدی سیمیۆنی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان تێپەڕاند، بەمەش بووە کەمتەمەنترین ڕاهێنەر دەگاتە نیوەی کۆتایی خولەکە.

هەروەها لە قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکان مۆرینیۆ لە چامپیۆنزلیگ بێبەشکرد، بردنەوەی لە سیمیۆنی و مۆرینیۆ دەریدەخات لەڕووی تاکتیکیەوە توانای خستنی ڕاهێنەرە تاکتیکیە نمرە یەکەکانی هەیە، واتا خۆشی ڕاهێنەرێکی تاکتیکی نمرە یەکە.

بابەتی پێشتر

مۆڵەتی شۆفێری گۆڕانكاری تیادەكرێت

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێك دەستگیركرا "لە ماتۆرسكیلێكی داوە و هەڵهاتووە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share