لە ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، 64 پارچەزەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی و شاڵاوی ئەنفال، دابەشدەکرێت.
ئیدارەی گەرمیان، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە چاودێریی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی رزگاری، 64 پارچەزەوی بەسەر زیندانییانی شاڵاوی ئەنفال دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارەکە بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ژمارە 6518 بووە، کە لە بەرواری 25ـی 5ـی 2025 دەرچووە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، زەوییەکانیان لە ناحیەی سەرقەڵاوە گواستراوەتەوە بۆ ناحیەی رزگاری.
داواشیکرد، سەرجەم ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدایە رۆژی پێنجشەممە بەرواری 28ـی 8ـی 2025، کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆ، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی گەرمیان ئامادەبن، بەمەبەستی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ زەوییەکانیان.

