دکتۆر سەباح هەورامی: بڵاوبوونەوەی کۆلێرا کەمتەرخەمیی وەزارەتەکانی ئاو و شارەوانییە

 

 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەبارەت بە تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر تووشبووی کۆلێرا و سکچوون و ڕشانەوە ڕایگەیاند، ئەرکی ئێمە تەنها چارەسەرە، کەمتەرخەمییەکە هی وەزارەتەکانی ئاو و شارەوانییە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو ژمارە تووشبووەی جۆرە جیاوازەکانی سکچوون و ڕشانەوە بە کۆلێراشەوە کە ئێستا هەن، بەهۆی وەرزی گەرما و وشکەساڵییەوەیە، کە ساڵانی پێشووش هەبووە بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە زیاترە بەراورد بە ساڵانی دیکە.

وتیشی، ئێستا لە سلێمانی چوار نەخۆشخانە بەشێوەیەکی سەرەکی پێشوازی لە تووشبووان دەکەن بۆ مانەوە و داخڵکردن، سەرەڕای بنکە تەندروستییەکان و ئەو نەخۆشخانانەی چارەسەر بۆ نەخۆش دەکەن.

بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی شارەوانیی  هەرێمی کوردستان گشتاندنی کردووە بۆ سەرجەم شارەوانییەکان بۆ چاودێریکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە کە یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا.

وەزیری تەندروستیی وتی، ڕێکارەکان بۆ پاکیی سەرچاوەکانی ئاودانی سەوزەواتەکان گیراوەتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک لە بەرهەمەکان کە گوماندەکرێت بە ئاوی پیس بەرهەمبهێنرێن قەدەغەکراون.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندییداوە، بە خەرجکردنی بڕی 800 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی سکچوون و ڕشانەوە لە پارێزگای سلێمانی وەک بودجەی فریاگوزاریی خێرا.

وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، لە چاکسازییەکان تەشەنەکردنی سکچوون و ڕشانەوە هەبووە و نزیکەی 200 کەس لە چاکسازییەکان تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەناویشیاندا گیانلەدەستدان هەبووە.

بەپێی وتەی وەزیری تەندروستی، تووشبوونی ئەو ژمارە زۆرە لە چاکسازییەکان نیشاندەری ئەوەیە، کە سەرچاوەی ئاو و خۆراکیان پیسبوون هەیە.

دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەکرد، هۆکاری نەخۆشییەکە وەزارەتەکانی ئاو و شارەوانییە، تەنها دەرئەنجامەکەی لای وەزارەتی تەندروستییە، هۆکارەکەی کەمتەرخەمیی وەزارەتی ئاو و شارەوانییە.

جەختیکردەوە، کە دەبێت سەرۆکی حکومەت، ئەو وەزیرە پەیوەندیدارانە ڕابسپێرێت بۆ کۆنتۆڵکردنی سەرچاوەکانی پیسبوون، ئەرکی ئەوانە کۆنترۆڵی پیسبوونی ئاو و سەرچاوەکانی بکەن، “ئەوە ئەرکی ئێمە نییە”.

بابەتی پێشتر

بۆچی کریستیانۆ و مۆرینیۆ یەک ناگرنەوە؟

بابەتی دواتر

ڕیاڵ مەدرید کلاسیکۆی بردەوە و ناسناوەکەشی بەدەستهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share