وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی هۆشداری لە بەکارهێنانی جۆرێک لە بۆیلەر دەدات

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، رایگەیاند، زۆربەی ئەو بۆیلەرانەی هاوڵاتییان لەژێر گەرماوی ماڵەکانیاندا بەکاریدەهێنن لەرووی تەکنیکییەوە کێشەیان هەیە و کارەبایەکی زۆریان پێویستە.

سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، “زۆربەی ئەو بۆیلەرانەی هاوڵاتییان لەژێر گەرماوی ماڵەکانیاندا بەکاریدەهێنن بەفیڕۆدانێکی زۆری کارەبا و وزەیان هەیە، چونکە لە رووی تەکنیکییەوە کێشەیان هەیە و کارەبایەکی زۆریان پێویستە، تەنانەت هۆکارێکن بۆ دروستبوونی کێشەی تەندروستی”.

وتیشی، “لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەبارەی نرخی کارەباوە دراوە و پەسەندکراوە، دەبێت هاوڵاتییان ئاگاداربن تاوەکو کارەبا کەمتر بەکاربهێنن پارەی کەمتریان بۆ دێتەوە و دەبێت هاوڵاتییان هۆشیاربن لە بەکارهێنانی کارەبا، هەرکاتێک پێویستیان بە ئامێرێک نەبوو بیکوژێننەوە، تاوەکو بەفیڕۆدان کەمببێتەوە و پارەی کەمتریان لەسەر هەژماربکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە پڕۆژەی رووناکی هیچ سنوورێک بۆ بەکارهێنان دیارینەکراوە، هاوڵاتییان چەندە کارەبا بەکاربهێنن کێشەی کوژانەوەی پێوەری کارەبایان نابێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share