ئێوارەی دوێنێ، کارمەندانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریکا( FBI) هەڵیانکوتایەسەر ماڵی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ترەمپ بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی و، پشکنینیان بۆ ماڵەکەی کرد.
بەپێی زانیاریی میدیاکان، تاوەکو ئێستا روون نییە هۆکاری پشکنینەکە چی بووە، بەڵام گوماندەکرێت هۆکاری سەرەکیی پشکنینەکە پەیوەندیداربێت بە لێکۆڵینەوە چڕەکانی FBI بۆ دۆزینەوەی دۆسییە و نووسراوی هەستیار و نهێنی لە ماڵی جۆن بۆڵتندا.
جۆن بۆڵتن لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بووە، دواتر بوو بە یەکێک لە رەخنەگرە توندەکانی ترەمپ، بۆڵتن پێی وابوو ترەمپ وەزارەتی داد بۆ ویست و مەرامی تایبەتی بەکاردەهێنێت و دەستێوەردان لە بڕیارەکاندا دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا، بێئاگایی خۆی لە پشکنینی ماڵەکەی جۆن بۆڵتن رایگەیاند.
جەی.دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەو بارەیەوە دەڵێت، پشکنینی ماڵەکەی جۆن بۆڵتن پەیوەندی بەو رەخنانەوە نییە ناوبراو لە ماوەکانی رابردوودا لە ترەمپی گرتووە، تاوەکو ئێستا جۆن بۆڵتن هیچ لێدوانێکی رەسمیی لەبارەی پشکنینی ماڵەکەی نەداوە.