زلێنسکی لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی

وا بڕیارە ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە ڤۆڵۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، گەڕانەوەی ناوبراو لە پاش کۆبوونەوەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ دێت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا ترەمپ بە توندی زلێنسکیی سەرزەنشتکرد؛ ئەمەش وایکرد درزێک بکەوێتە نێوان پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا و، هەڕەشەیەکی گەورەشی دروستکرد لەسەر بەردەوامبوونی پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سوپای ئۆکرانیا.

کۆبوونەوەی ئەمجارەی نێوانیان جیاوازە و زلێنسکی بەتەنها نییە، لانیکەم شەش سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپیی لەگەڵدان و لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری دەکەن؛بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، بۆ زلێنسکی و سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا، ئەوە روونبووەتەوە کە ترەمپ مەبەستییەتی بە هەر نرخێک بێت، جەنگی روسیا و ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت، بێ گوێدانە ئەو زیانانەی کە ئۆکرانیا لە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەریدەکەوێت.

فرێدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئەلێکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلەندا و ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، دوێنێ رایانگەیاند کە لەگەڵ زلێنسکی بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سپی دەکەن، هەروەها مارک رووت، سکرتێری گشتیی ناتۆ-ش، لە کۆبوونەوەکەدا بەشداردەبێت.

لە لێدوانێکیدا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری پێکهێنانی تیمێکی لەم شێوەیە لەسەر ئەم ئاستە باڵایە، دروستکردنی بەرە و هاوپەیمانێتییەکی هاوبەشە لەنێوان ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپا.

لەلای خۆشییەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکرد، هۆکاری گەشتکردنی سەرکردە ئەوروپییەکان لەگەڵ زلێنسکیدا بۆ ئەوە نییە رێگری لەوەبکەن جارێکی دیکە گرژی لەنێوان ترمپ و ناوبراو دروستببێت، بەڵکو دەڵێت، “ئەوان دێن، چونکە ئەوروپییەکان هاوپەیمانی ئێمەن و کاریان لەگەڵ دەکەین”.

ئاگربەست یان گەیشتنە رێککەوتن؟

سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کاتێکی هەستیاردایە، لەم کاتەدا روسیا لە چەندین ناوچەی ستراتیژیی هەرێمی دۆنێتسک لە پێشڕەویدایە و بە پێی بۆچوونی چاودێران، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەی ئالاسکادا لە پرسی پێشڕەوی و چەندین پرسی دیکەدا، هاوڕای ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا بووە.

دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ بەئاشکرا ئەوەی دووپاتکردەوە، کە ئەو نایەوێت ئاگربەستی روسیا و ئۆکرانیا رابگەیەندرێت، بەڵکو خواستی ئەو کۆتاییهێنان بە جەنگە بەشێوەیەکی یەکجارەکی؛ بەڵام زلێنسکی دەڵێت، “ئەستەمە لەژێر فشاری هێرشدا بگەینە رێککەوتنی ئاشتی. بۆیە دەبێت سەرەتا ئاگربەست رابگەیەندرێت، پاشان بەخێرایی کاربکەین بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ئاشتییەوە، بۆیە دەچینە واشنتن تاوەکو لەبارەیەوە گفتوگۆبکەین”.

گەرەنتیی ئاسایش

چاودێران پێیانوایە هۆکاری گرژییەکانی نێوان ترەمپ و زلێنسکی لە کۆبوونەوەکەی مانگی شوباتدا ئەوەبووە، کە ترەمپ و ئیدارەکەی پێیانوابووە زلێنسکی کەسێکی واقیعی نییە لەبارەی توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەیەوە و توانایی ئەوەی نییە بەردەوامی بە جەنگەکە بدات، بۆیە ئیدارەی ترەمپ پێیانوابووە کە پێویستە زلێنسکی بەبێ مەرج و بەبێ بوونی گەرەنتییەکی روونی ئاسایش بۆ داهاتووی وڵاتەکەی، رازی بێت بە ئاگربەست؛ لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانیا رازی نەبووە کە بەبێ گەرەنتی، پڕۆژەکەی ترەمپ پەسەندبکات.

پرسی دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە هەندێک خاکی ناوچەکەی

پرسی دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە هەندێک خاکی ناوچەکەی بۆ روسیا، خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئۆکرانیایە؛ ترەمپ بە نهێنی و بە ئاشکرا داوای لە ئۆکرانیا کردووە لەپێناو گەیشتن بە ئاشتی، دەستبەرداری هەندێک لە خاکەکەی ببێت.

پێش کۆبوونەوەی لوتکەی ئالاسکا، سەرۆکی ئەمریکا وڵاتانی ئەوروپا و ئۆکرانیای لەوە ئاگادارکردووەتەوە، کە بۆ ئەوەی گفتوگۆی ئاشتی بڕواتە پێشەوە، پێویستە کیێڤ دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببێت کە روسیا داگیریکردوون؛ سەرۆکی ئۆکرانیاش لە وەڵامدا داواکەی ترەمپ-ی رەتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە بەپێی دەستووری وڵاتەکەی، نابێت هیچ بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بدرێتە وڵاتێکی دیکە و دەستبەرداری هیچ بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا نابن.

پاش کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن، میدیا جیهانییەکان هەندێک زانیاریی “دزەپێکراو”ـیان بڵاوکردووەتەوە دەربارەی ئەوەی کە ئۆکرانیا پێویستە دەستبەرداری کامە بەشی وڵاتەکەی ببێت؛ بەپێی ئەو زانیارییانە، مەرجی مۆسکۆ بۆ وەستانی شەڕ، دەستبەرداربوونی ئۆکرانیایە لە هەردوو هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسک.

لای خۆیشیەوە، دۆناڵد ترەمپ گەشبینیی خۆی بە رێککەوتنێکی لەم شێوەیە دەربڕیوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی، “گۆڕانکاریی گەورە لە رێگایە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە لێواری دابەشبووندا.. لێكەوتەكانی ململانێ لەسەر دەسەڵات لە بنەماڵەی بارزانی-دا لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان

لە ئێستادا وا دەردەكەوێت دابەشكردنی دەسەڵات لەنێو سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە مەترسیدا بێت، وەك ئەوەی لەژێر ئەو…
Total
0
Share