ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکە ئاگری جەنگێکی گەورە لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە هەڵگیرساوە و لە ئێستادا جیهان لە چاوەڕوانی کوژاندنەوەدایەتی.
لە بەرەبەیانی 7 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بزووتنەوەی حەماس بە زۆرینەی باڵەکانییەوە بە داڕشتنی پلانێکی پێشوەختە بە ناوی تۆفانی ئەقسا چوونە خاکی ئیسرائیل و لە ماوەی چەند رۆژێکدا چەندین هێرشیان ئەنجامدا و زیانێکی زۆری گیانی و ماددیان بە وڵاتەکە گەیاند، بە شێوەیەک لە دوای تێپەڕبوونی چوار رۆژ و لە رێکەوتی 11 ی هەمان مانگ، ئیسرائیل یەکەم هێرشی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانیان لە کەرتی غەززە ئەنجامدا و دواتریش چەندین شوێنی ستراتیژی ئەو شارەیان کردە ئامانج و هەزاران قوربانی لێکەوتەوە کە ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و ماڵوێرانییەکی زۆر کە دواتر پەلی کێشا بۆ باشووری لوبنان و هەرچەندە دواتر لە رێگای رێکەوتنێکی ئاگربەستەوە لوبنان دوورخرایەوە، بەڵام هەتا شەوی رابردوو لە فەلەستین بەردەوامیی هەبوو.
بەپێی داتا رەسمییەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بەهۆی شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە 46 هەزار و 600 هاوڵاتیی فەلەستینی کوژراون کە ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەنیشیان تێدابووە، هەزارانی دیکەش برینداربوون، جگە لە وێرانبوونی زۆرینەی خاکی کەرتی غەززە ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی کە کاریگەرییەکەی بۆ دەیان ساڵی دیکە دەمێنێتەوە.
لەدوای بەردەوامبوونی شەڕ بۆ ماوەی چەندین مانگ، هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەستیانپێکرد و لە کۆتاییدا شەوی چوارشەممە بە شێوەکەی ناڕەسمی رێکەوتنی هەردوو لا بە نێوەندگیری میسر و قەتەر راگەیەندرا.
رێکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێکدێت لە دەقێکی ئامادەکراو کە بنەما سەرەکییەکانی پێکهاتوون لە راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر غەززە لە بەرامبەردا رادەستکردنەوەی دیلەکانی ئیسرائیل.
لە 19 ی ئەم مانگەوە رێکەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رێکەوتنەکە لە سێ قۆناغ پێکدێت هەر قۆناغێک 42 رۆژ دەخایەنێت و جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم پەیوەستە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی قۆناغی یەکەم و جێبەجێکردنی قۆناغی سێیەمیش لەسەر جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم دەوەستێتەوە.
بەپێی رێکەوتنەکە لە سەرەتای قۆناغی یەکەمەوە کردەوە سەربازییەکان دەوەستن لە بەرامبەردا لەو ماوەیەدا کردە سەربازییەکانی ئیسرائیل و حەماس دەوەستێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانە دوور دەکەونەوە کە خەڵکی فەلەستینیان لێنیشتەجێیە، ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، هاوکارییە مرۆییەکان و سووتەمەنی دەگەیەنرێتە کەرتی غەززە و بە چەند قۆناغێک ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئازادکردنی زیندانییەکانی لای هەردوو لا دەستپێدەکات.
ئەگەر قۆناغی یەکەم بەپێی مەرجە پێویستییەکان کۆتاییبێت لە قۆناغی دووەمدا، جگە لەوەی کردەوە سەربازییەکان کۆتاییان دێت هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە و لە سەرجەم دیلە ئیسرائیلییەکان ئازاددەکرێن.
هەرچی قۆناغی سێیەمیشە ماوەیەکی درێژدەخایەنێت، کە بریتی دەبێت لە رادەستکردنەوەی تەرمی قوربانییەکان بە یەکتر، سنوورەکانی غەززە دەکرێنەوە ژیان ئاسایی دەبێتەوە، ئاوەدانکردنەوە دەستپێدەکات.