ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئەمڕۆ یان سبەی رێکارەکان دەستپێدەکات.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نەماوە و سەرجەم کێشە تەکنیکییەکان چارەسەرکراون.
وتیشی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای نەوتی باشوور قسەمکردووە و ئاماژەیان بەوەکردووە، هەرێم و بەغداد کێشە تەکنیکییەکانیان چارەسەرکردووە و تەنیا ئەوە ماوەتەوە، بۆرییەکان بخەینەکار و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، سەباح سوبحی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ یان سبەی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکات و ماوەتەوە سەر ئەوەی لەئێستادا هەرێم دەتوانێت چەندێک نەوت هەناردەبکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز رایگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەردەکات و سەرجەم لایەنەکانیش لەسەر ئەو بابەتە کۆکن.