تاوانەكە بە تیرۆر وەسفدەكەن
خانەوادەی جوانڕۆی باڵەبان: بکوژان سەر بە دەزگایەکی ئەمنیی هەولێرن

خانەوادە و تیمی پارێزەرانی جوانڕۆی باڵەبان ڕایانگەیاند، بکوژانی جوانڕۆ سەر بە دەزگایەکی ئەمنیی باڵای هەولێرن، بۆیە پۆلیس ئامادە نییە دەستگیریان بکات.

بنەماڵە و تیمی پارێزەرانی هونەرمەند جوانڕۆی باڵەبان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، “وەک بنەماڵە و پارێزەرانی، ماوەی 45 ڕۆژە چاوەڕێین وردەکاریی ڕووداوەکەمان بۆ ئاشکرابکرێت و تۆمەتباران دەستگیربکرێن”.

ئەوان دەڵێن، لە 8ی ئابدا دوای لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی دۆسیەکە دەرچووە، بەڵام تائێستا دەستگیر نەکراون، “ئەوە لەکاتێکدا ئێمە شوێنی مانەوە و ماڵ و هەموو زانیارییەکی تۆمەتبارەکانمان پێشکەشی پۆلیسی کۆیە و دێگەڵە کردووە”.

بەوتەی خانەوادەی هونەرمەندە كوژراوەكە، “بكوژانی جوانڕۆ سەر بە دەزگایەکی ئەمنیی باڵان و لەهەولێر دەوام دەکەن، بۆیە پۆلیس ئامادە نییە دەستگیریان بکات”.

پارێزەری كەیسەكەش ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن جوانڕۆ لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی کوژرابێت و دەڵێت، “جوانڕۆ لە ڕووداوێکی زۆر گوماناویدا تیرۆرکراوە”.

داواشی لە هێزە ئەمنییەکان و دادگا كرد لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی جوانڕۆی باڵەبان پەلە بکەن، “چیتر بەربەستیش بۆ دۆسیەکە دروستنەکەن”.

22ی حوزەیرانی 2021، تەرمی هونەرمەند جوانڕۆی باڵەبان، کە ئەندامی تیپی جوقی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، لە سنووری هەولێر بەخنکێنراوی دۆزرایەوە و تائێستا هۆکاری كوشتنەكەی ئاشکرانەکراوە.

بابەتی پێشتر

لە بەغداد ئه‌ندامانی باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەستگیركران

بابەتی دواتر

وەزارەتی ڕۆشنبیری ڤیدیۆکلیپی "حەوت"ی قەدەغەكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share