بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، “لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شنگال، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە، هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆمان بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە. ئەم تاوانە دڕندانەیە کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدرا، لاپەڕەیەکی رەشی مێژووی مرۆڤایەتییە و هەرگیز لە یادمان ناچێت”.
دەشڵێت، هیوادارین ئێزدییەکان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان و بەو ئازیزانەیان شادببنەوە کە لە کاتی روودانی کارەساتەکەوە تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
دووپاتیشیدەکاتەوە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی داواکاریی ئێزدییەکان کە گرنگترینیان قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووانە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، هەروەها کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال”.