راوێژکاری دارایی سەرۆکی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، گواستنەوەی ئەلیکترۆنی، یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکی حکومەتی عێراق رایگەیاند، فراوانبوونی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان بەشداربووە لە کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار، ئەمەش وایکردووە نرخەکەی لە بازاڕدا داببەزێت.
وتیشی، هاوکات پشتبەستن بە ئامرازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی، هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی قەبارەی بازرگانیکردن بووە بە دۆلاری کاش، ئەمەش بەهاکەی دابەزاندووە.
لەئێستادا 100 دۆلار لە بازاڕەکانی دراو لە هەرێم، بە 139 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ لەکاتێکدا لە ماوەکانی رابردوودا، نرخەکەی لە 140 هەزار دینار بەرەوژوور بوو.