وەزارەتی بازرگانیی عێراق: بەشێکی دیکەی گەنمی جووتیارانمان بۆ کارگەکان نارد

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیەنێت، شەشەمین بەشی گەنمی ناوخۆیی جووتیاران نێردرا بۆ کارگەکان و دەشڵێت، بەردەوامین لە خەرجکردنی پارەی جووتیاران.

حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، “لقەکانی کۆمپانیاکە لە سەرانسەری عێراق دەستیانکردووە بە گواستنەوە و دابەشکردنی گەنمی ناوخۆیی بۆ کارگە پەسەندکراوەکان وەک بەشی شەشەمی ئەمساڵ. بەمشێوەیەش بەرهەمهێنان و دابینکردنی ئارد بۆ هاوڵاتییان بە بڕی پێویست، بەردەوامدەبێت”.

وتیشی، ئەم هەنگاوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانییە و لە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیژییانەشە کە بۆ دەستەبەرکردنی سەبەتەی خۆراک و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆیی، دانراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەردەوامە لە خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیاران و بازرگانان بەپێی رێسا و رێنماییە پەسەندکراوەکان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share