ئەمڕۆ 16ی تەمموزی 2025، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبووەوە .
کۆبوونەوە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواپێشهاتەکانی پرسی مووچە و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دیاردەی دزێوی پەلاماردانی شوێنە جیاجیاکانی کوردستان بە درۆن و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئابوورییەکان .
سەرکردایەتیی یەکێتی بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە دوژمنکارانەی کرد کە مەرام لێی زیان گەیاندنە بە ئاسایش و ئارامی و ئابووریی وڵاتەکەمان و گوشارخستنە سەر قەوارەی هەرێم .
کۆبوونەوە داواشیکرد حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی و دەستووریی خۆی راپەڕێنێت بەرامبەر ئەمنیەتی هاوڵاتییانی کوردستان و ئەوانەی هەڵدەستن بەو تاوان و پێشێلکاریانە رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە و رێگا نەدەن درزی ئەمنی قووڵ بێتەوە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی هەستیار و خراپی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک، بە تایبەت پێویستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بوژاندنەوەی بازاڕ و ئاوەدانی .
کۆبوونەوە تەئکیدی لەسەر ستراتیژی کوردستانی و پێکەوەیی بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ و تیمی کوردستانی کرد لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کرد و رایگەیاند، ئەوەی بەدەستهاتووە بەرهەمی یەکڕیزی و پێکەوەیی هەڤاڵانی سەرکردایەتیی یەکێتییەکەمانە کە پشتیوانمانن و دەستکراوەیان کردووین بۆ داکۆکیی زیاتر لە ویست و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “بە پێکەوەییمان و یەکڕیزمان لە هەرێم دەتوانین داکۆکی لە شایستە داراییەکانی خەڵکەکەمان بکەین و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان باشتر بپارێزین”.