بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و بەسەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان كۆڕبەندی ئابوریی دێڵفی-سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
لەو بارەیەوە سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، كۆڕبەندەكە پلاتفۆڕمێكی نوێی جیهانییە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆ یەكەمینجارە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، “كۆڕبەندی دێلفی یەكێكە لە دیارترین كۆڕبەندە ئابورییەكان كە چەندین كەسایەتیی باڵای عێراق و یۆنان و هەرێمی كوردستان و گەورە بازرگانان و خاوەن سەرمایەكان و وەزیران و شارەزایانی جیهانی كۆدەكاتەوە، بۆ تاوتوێی پرسە جیهانی و هەرێمایەتییەكانی ئێستا و وێناكردن و داڕشتنی سیاسەت و ئاراستە ئابورییەكان، بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەكان لەسایەی گۆرانكاری بازرگانی و كێشمەكێشەكانی ناوچەكەدا.
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشدا كە لەكۆڕبەندی ئابوريی دێڵفی دا تاوتوێی بوارەكانی ئاسایش، گۆڕینی وزە، هەمەچەشنیی ئابوری، دەكرێت سەرباری جەختكردنەوە لەسەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمدا، لەم بارەیەوە وتەبێژی قوباد تاڵەبانی تیشكی خستە سەر ئەوەی كۆڕبەندەكە كاریگەری دەبێت لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ئابوری لە هەرێمی كوردستان و عێراق و چۆنییەتی دروستكردنی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان و چۆنییەتی پتەوكردنی لە بوارەكانی ئەمنی و دیبلۆماتیدا.
بە وتەی سەمیر هەورامی، كۆڕبەندی ئابوریی دێڵفی-سلێمانی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە سەرپەرشتیی سكرتارییەتی گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دێسكی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان و ئاژانسی یۆنانی (ئیتەرپرایس گریس)، بەڕێوەدەچێت.