ئەنجامی کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم راگەیەندرا

ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە هاوینە هەواری دوکان کۆتایی هات کە تێیدا جەخت لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کرایەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت.

‎ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر بانگێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھاوینە ھەواری دوکان لە ماڵی مام، کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان لە عیراق و ھەرێم بەڕێوەچوو.

‌‎تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی ھاوینەھەواری دوکان  گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق و جەختی لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کردەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت.

هاوکات ھاوڕابوون لەسەر زەمینە خۆشکردن بۆ فراوانکردن و بەردەوامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێز و تواناکان دوور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عیراق بووەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکاندا.

‌‎لە بەشێکی تری کۆبوونەوەی ھاوینەھەواری دوکان، كۆی لایەنەکان جەختیانکردەوە لە بەردەوامیی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانیی یەکڕیزی نیشتمانی.

لە لایەکی دیکەوە و لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک كرا و روونکرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە، کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە، ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی، پارێزگاریکردن لە ئەزموونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا.

کۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە، بڕیاریشدرا ئەم کۆبوونەوانە لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامی ھەبێت.

بابەتی پێشتر

شارەوانیی بنەسڵاوە: بارانی بەخوڕ دەبارێت و لە كەندی بنەسڵاوە دووربكەونەوە

بابەتی دواتر

هۆشداریی لەو شەپۆلی بارانبارینە دەدرێت کە هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share