ئەندامێکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن رایدەگەیەنێت، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، تەکنەلۆجیای زیرەکیی دەستکرد بەکاردەهێندرێت.
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، تەکنەلۆجیای زیرەکیی دەستکرد لە هەڵبژاردندا بەجۆرێک کاردەکات، کە بەخێرایی دەنگە دروست، نادروست، مۆرنەکراو و دەرهێندراوەکان دەناسێتەوە و دیارییان دەکات.
دەشڵێت، تەکنەلۆجیاکە راستەوخۆ ئەنجامەکان دەردەهێنێت و نیشانیدەدات.
ناوبراو ئەوەشی وت، ئەم رێوشوێنانە دەبنەهۆی نەهێشتنی ساختەکاری و زیادبوونی شەفافیەت، ئەمەش لە سوودی لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، دەنگدەران، کاندیدەکان، میدیاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە.