لە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پشتیوانی رۆژنامەنووسانی وردبین و راستبێژ دەکەن.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەر چی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی لە سایەی داگیركەراندا چەندین ساڵی سەختی لە هەڕەشەی داخستن و راوەستان بینیوە، بەڵام لە پاش راپەرینی ساڵی 1991 وە دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی كوردی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بە خۆوەبینی و خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی ئازادی بۆ رۆژنامەگەریی و روناكبیری داوە و دروشمی (نان و ئازادی) پڕاو پڕ جێبەجێكردووە، هەر بۆیە لە پاش راپەرینەوە لەسەر هەمان دیدی سەرۆك مام جەلال، گشت هەوڵێكی خستۆتە گەڕ بۆ بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی رۆژنامەگەری و یەكەمین رۆژنامە و دامەزراوی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ لە ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتیدا دەرفەتیان بۆ رەخسا و لێرەوە كاروانی رۆژنامەگەری كوردی بێ وچان پێشدەكەوێت.
باسیلەوەشکرد، پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنوسانی وردبین و راستبێژ و پشتبەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لە سەرتاسەری كوردستاندا پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتر بكرێت و كایەی ئازادیی سیاسیی و رۆژنامەگەری بێبەربەست و كەیسی ناڕەواو هەڵبەستراو هەرگیز تەنگ نەكرێتەوە، میللەتەكەمان شایانی ئازادیی زیاترە و ئازادی و دیموكراسیش پایەی سەرەكی شانازیمانە بە ئەزموونەكەمان لە سەرتاسەری جیهاندا.