سودانی لە یادی ئەنفالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یادی ئەنفالدا رایدەگەیەنێت، ئەو تاوانە، رووخساری ناشیرین و رەگەزپەرستییانەی رژێمی لە دژی گەلەکەمان و هێزە نیشتیمانییەکان ئاشکراکرد.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بە زمانی کوردی لەبارەی یادی ئەنفالەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “عێراقییەکان بە ئازارەوە تاوانی رژێمی لە ناوچوو لە (شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال) و ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیەی کە 37 ساڵ لەمەوبەر دژ بە رۆڵەکانی گەلی کوردمان ئەنجامدرا، بەبیردێننەوە”.

نووسیویشیەتی، “ئەمڕۆ برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەسەر هەموو پاڵنەرەکانی رق و کینەدا سەردەکەون، کە بەعسی سەدامی هەوڵی چاندنی دەدا لەنێو چین و توێژە جیاوازەکانی گەلەکەمان بە پێکهاتە هەمەچەشنەکەیەوە”.

دەشڵێت، “ستەمکاری لە تاریکیی مێژوودا کۆتاییپێهات و عێراقییەکان پێکەوە بەردەوامبوون لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان و بەرزڕاگرتنی پێگەی عێراقێکی یەکگرتوو و ئارام و سەقامگیر”.

سودانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاند، “دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی عێراق”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share