سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کاندیدی سویسری بۆ پۆستی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، عێراق میوانداریی هەزاران پەنابەر دەکات لە وڵاتانی دراوسێوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران پێشوازیی لە کریستین بورگنەر، کاندیدی سویسری بۆ پۆستی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی هاوکاری لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە پرسی تێکەڵبوونەوە لە کۆمەڵگادا و پشتیوانیکردنی ژێرخان لە ناوچەکانی گەڕانەوە و پاڵپشتیکردنی ماددی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئاوارەکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگیی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق لە کامپی هۆل و دەبێت هەموو وڵاتان کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانیان لە کەمپەکە بەتایبەتی عێراق زۆر نزیکە لە کۆتاییهێنان بە داخستنی کەمپەکانی.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سودانی وتوشیەتی، عێراق میوانداریی هەزاران پەنابەر دەکات لە وڵاتانی دراوسێوە و جەختی لەسەر کارکردن کردەوە لەگەڵ کۆمسیۆن بۆ بنیاتنانی مۆدێلێکی پێشەنگ بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاوارەبوون و پەنابەرێتی لە ناوچەکەدا.
ئەوەش هاتووە، لای خۆیشیەوە، کریستین بێرنەر پێزانینی خۆی بۆ سودانی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی نێردەی سویسرا لە بەغداد و ستایشی رێوشوێنەکانی عێراقی کرد لە دۆسیەی پەنابەرێتی و ئاوارەبوون، وەک نمونەیەکە لە ناوچەکە و جیهاندا پەیڕەودەکرێت، و ئاماژەی بە گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی عێراق کرد لە بوارەکانی فریاگوزاری و بەڕێوەبردنی کەمپەکانی ئاوارەکان، جگە لە شارەزایی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و چارەسەرکردنی ئالودەبووان.